بە خنکانی کچێكی عەرەب لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، تابلۆیەکی دیکەی میواندۆستی و پێکەوەژیانی نەتەوەیی کورد لە ناوچەکە کێشرا و خنکانی منداڵێکی گەشتیاری عەرەب، بووە هەوێنی یەکگرتوویی و پیشاندانی ڕووە ڕاستەقینەکەی خەڵکی ناوچەکە کە چۆن لە پێناو بەها مرۆییەکاندا سنوورەکان دەبەزێنن، تەنانەت کار گەیشتتە ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.
لە 9ی حوزەیرانی 2026 دەستیپێکرد، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بە ناوی ڕوقیە ڕافد، لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری کەربەلاوە هاتبوونە سەیرانگای ئەحمەدئاوا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە. بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراوەوە، ڕوقیە کەوتە نێو سەرچاوەی ئاوی زەڵم و خنکا.
بۆ ماوەی 10 ڕۆژ، تیمی بەرگری شارستانی هەڵەبجە و دووکان، لەگەڵ سەدان گەنج و خۆبەخشی ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گەڕانیان دەستپێکرد. دواجار لە کاتژمێر 12:35 خولەکی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە،
دواجار نیوەڕۆی سێشەممە 17-06-2026، تەرمەکەی لە نێو چەند تاشەبەردێکدا دۆزرایەوە. دەرهێنانی تەرمەکە نزیکەی 10 کاتژمێر بەردەوام بوو، دوای دەرهێنانی تەرمەکەیشی بە مەبەستی پشکنینی یاسایی ڕەوانەی پزیشکی دادی هەڵەبجە کرا.
شێوازی مامەڵەکردنی خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ خێزانی قوربانییەکە، بووە جێی سەرنج و ستایشی هەمووان. شورای گوندی زەڵم (پێکهاتوو لە ڕیشسپی و گەنجان) بۆ ماوەی 10 ڕۆژ میوانداری خێزانی ڕوقیەیان کرد و نەیانهێشت هەست بە نامۆیی و غەریبی بکەن.
ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕوقیە بەرەو کەربەلا
ڕۆژی پێنجشەممە 18-06-2026، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە و بەرپرسان و خەڵکی شارەکە، لە مەراسیمێکی فەرمی و پڕۆتۆکۆلیدا تەرمەکە ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە. سەدان کەس لە پیر، گەنج, ژن و منداڵ ڕیزیان بەست بۆ بەڕێکردنی تەرمی کچەکە و خەڵکی ناوچەکە نەک تەنها ئۆتۆمبێلی فریاگوزارییان دابینکرد، بەڵکو ژمارەیەک لە هاووڵاتیان یاوەری تەرمەکەیان کرد تا گەیشتەوە کەربەلا.
پەیامی کەسوکاری ڕوقیە
کەسوکاری ڕوقیە بەردەوام دەیاونت، مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانی خەڵکی هەڵەبجە ئێمەی سەرسام کرد. سەلماندیان کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان نەتەوەکاندا ناکەن.
ئەم هەڵوێستە بەرزە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە.
پەیامی سەرۆکوەزیران
ڕۆژی پێنجشەممە 18-06-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی خەڵکی جوامێری هەڵەبجە و هەورامان کرد و گوتی: سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە.
پەیامی پارێزگای کەربەلا
دوای گەیشتنەوەی تەرمەکە، لەلایەن نەسیف جاسم خەتابی (پارێزگاری کەربەلا) پێشوازی لێکرا. ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، سوپاسی خەڵکی ناوچەکەی کرد. دواتر وەک وەفایەک بڕیاردرا یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی سەنتەری شاری کەربەلا بە ناوی “شەقامی هەڵەبجە”ـەوە بکرێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
دەیان ڕۆژنامەنووس، کەسایەتیی دیار و هاووڵاتی عێراقی لە ڕێگەی ڤیدیۆ و پۆستەوە ستایشی مرۆڤدۆستیی خەڵکی هەڵەبجەیان کردووە.
ڕووداوی خنکانی ڕوقیە، هەرچەندە ناخهەژێن بوو، بەڵام بووە پردێکی نوێی ئاشتی و مرۆڤایەتی. هەڵەبجە جارێکی تر بە جیهانی وت: ئەو شارەی قوربانیی دەستی ستەمکارییە، گەورەترین پەیامبەری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و خۆشەویستییە بۆ مرۆڤایەتی.
سەردانی خیزانەکەی ڕوقیە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی
ڕوقیە ڕافدی تەمەن 12 ساڵ، ڕۆژی نۆی ئەم مانگە لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری کەربەلاوە بە مەبەستی گەشت و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی سەیرانگای ئەحمەد ئاوایان کرد، بەڵام ڕوقیە کەوتە نێو سەرچاوەی ئاوی زەڵم و خنکا، تیمەکانی بەرگری شارستانیی سلێمانی، هەڵەبجە، دوکان و سۆران و خۆبەخشەکان بە گۆڕینی ڕێڕەوی ئاویی سەرچاوەی زەڵم توانییان تەرمەکەی دەربهێننەوە، خەمخۆری خەڵکی ناوچەکە و شێوازی بەڕیکردنی تەرمەکەی کاردانەوەی لێکەوتەوە و پێکەوەژیان و مرۆڤ دۆستی کوردی دووپات کردەوە.
سەیرانگای ئەحمەدئاوا
سەیرانگای ئەحمەدئاوا یەکێکە لە ناسراوترین، فێنکترین و جوانترین ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان، بە سروشتە سەرنجڕاکێشەکەی و ئاوە سازگارەکەی ناوبانگی دەرکردووە.
ئەحمەدئاوا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە و نزیکەی 84 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە، سەر بە ناحیەی خورماڵە. شوێنەکە کەوتووەتە بناری چیاکانی هەورامان، ئەمەش وایکردووە دیمەنێکی شاخاوی ناوازەی هەبێت.
لە وەرزی هاویندا کە پلەکانی گەرما لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بەرز دەبنەوە، ئەحمەدئاوا کەشێکی فێنک و دڵڕفێنی هەیە. ناوچەکە داپۆشراوە بە درەختی چڕی گوێز، چنار و باخی هەنار و هەنجیر.
سەیرانگاکە لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا، پێشوازی لە سەدان هەزار گەشتیار دەکات لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، تەنانەت وڵاتانی دەرەوەشەوە سەردانی دەکەن. شوێنەکە گونجاوە بۆ کەمپین، حەوانەوە و کات بەسەربردن لەگەڵ خێزاندا.