وەزارەتی نەوت وەڵامی سزاکانی ئەمریکا دەداتەوە و تۆمەتەکانی سەر بریکارەکەی ڕەتدەکاتەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی وەڵامی بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر عەلی معارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتەکە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ئاڕاستەی ناوبراو کراون.
دوای ئەوەی واشنتن سزای بەسەر عەلی معارج بەهادلیدا سەپاند، گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان چووە قۆناغێکی نوێوە. ئەمریکا بەهادلی تۆمەتبار دەکات بەوەی: پۆستە حکومییەکەی بۆ بەرژەوەندیی ئێران بەکارهێناوە و ڕێگەی خۆشکردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران لەژێر ناوی نەوتی عێراقدا.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا، ئەم تۆمەتانەی بە “بێ بنەما و دوور لە ڕاستی” وەسف کرد و ڕایگەیاند، وەزارەتەکەمان سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە ئاراستەی بریکاری وەزارەت کراون و جەخت لە گرنگیی شەفافیەت و مامەڵەکردن لەسەر بنەمای بەڵگە دەکەینەوە.
وەزارەتەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری داوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەکانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی نەوت، لە چوارچێوەی دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی بەهادلیدا نین تاوەکو بتوانێت دەستکارییان بکات یان ئاسانکارییان بۆ بکات.
جەختکردنەوە لەسەر پاکی پرۆسەی هەناردەکردن
پێشتریش کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دووپاتی کردبووەوە، هیچ جۆرە تێکەڵکردنێکی نەوتی بیانی لەگەڵ نەوتی عێراق لە بەندەرەکان و ئاوە هەرێمییەکاندا ڕووی نەداوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی نەوت ئامادەیی خۆی بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی ورد نیشانداوە، بەو مەرجەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای زانیاریی دروست بن، نەک لێکدانەوەی سیاسی.