حکومەتی سووریا باڵەخانەی دادی حەسەکە وەردەگرێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، حکومەتی سووریا بە فەرمی باڵەخانەی دادی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان وەربگرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەلایەن ژمارەیەک خۆپیشاندەرەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

گرژییەکانی شاری حەسەکە کاتێک سەریان هەڵدا کە تابلۆیەکی نوێ لەسەر باڵەخانەی داد هەڵواسرا، کە تەنیا بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسرابوو. ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکەی لێکەوتەوە و وەک فشارێک بۆ داواکردنی مافی زمانی کوردی، تابلۆکەیان هێنایە خوارەوە و دەستیان بەسەر باڵەخانەکەدا گرت.

خۆپیشاندەران جەختیان لەوە دەکردەوە کە پێویستە زمانی کوردیش وەک زمانێکی فەرمی لەسەر تابلۆی دامەزراوەکانی ناوچەکە جێگیر بکرێت.

حکومەتی سووریا باڵەخانەی داد وەک هێمایەکی سیاسی و سەروەریی دەوڵەت پێناسە دەکات و لەمبارەیەوە، ئەحمەد هیلالی، وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ چاودێریکردنی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم لەگەڵ هەسەدە، ڕایگەیاند: بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان پاشەکشەمان کرد، بەڵام ئێستا بەڵێنمان پێدراوە بە فەرمی باڵەخانەکەمان ڕادەست بکرێتەوە. باڵەخانەی داد هێڵی سوورە و نابێت هیچ لایەنێک ململانێ لەسەر سەروەریی دەوڵەت بکات.

ئەم پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەیە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەدا دێت لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە. دیمەشق سوورە لەسەر ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوازی کارگێڕیی باڵەخانەکەدا نەکرێت کە وەک ئاماژەیەک بۆ دانپێدانان بە زمان یان ئیدارەیەکی دیکە لێکبدرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر