پارتی: هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو کەسە ناکەین کە کراوە بە سەرۆک کۆمار

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق نایاسایی بووە و ئەو کەسەی هەڵبژێردراوە بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانن. هەروەها بڕیاری دا فراکسیۆنەکانی لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی کە ئەمڕۆ 11-4-2026 بڵاوکرایەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەسندکراوی پەرلەمان بووە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێ گوێدانە یاسا بەرنامەی کۆبوونەوەکەی دیاریکردووە.

پارتی دەڵێت ئەو کاندیدەی دیاریکراوە “لە دەرەوەی ئالییەتی کوردستانی بووە” و ئاماژە بەوە دەکات کە پۆستی سەرۆککۆمار ئیستحقاقی گەلی کوردستانە نەک حزبێک، بەڵام ئەم کاندیدە لەلایەن حزبێکەوە دیاریکراوە و چەند لایەنێکی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق پەسەندیان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئەو شێوازە هەڵبژاردنە رەتدەکەینەوە و کەسێکیش بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانین و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەین.” هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کردووە و دەبووایە ناوی کاندیدی پارتی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لادرابایە.

وەک هەڵوێستێکی کردەیی بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، پارتی بڕیاری دا هەردوو فراکسیۆنی حزبەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ راوێژکردن.

ھەواڵی زیاتر