تاران مەرج بۆ واشنتن دادەنێت

لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لە ئیسلامئاباد، حکومەتی ئێران پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و سەرکەوتنی دانوستانەکانی بە دوورکەوتنەوەی واشنتن لە سیاسەتەکانی ئیسرائیلەوە بەستەوە.

هۆشدارییە تووندەکەی محەممەد ڕەزا عارف

محەممەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە کلیلی گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێک لە پاکستان، لەژێر دەستی شاندی ئەمریکادایە، بەو مەرجەی وەک نوێنەری واشنتن مامەڵە بکەن نەک تەلئەبیب.

عارف لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لە ئیسلامئاباد لەگەڵ نوێنەری ئەوانەدا گفتوگۆ بکەین کە دروشمی پێش هەموو شتێک ئەمریکا، یان بەرزکردووەتەوە، گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بۆ بەرژەوەندی جیهان بێت ئەگەری هەیە. بەڵام ئەگەر ڕووبەڕووی نوێنەری ئەوانە ببینەوە کە دەڵێن ‘پێش هەموو شتێک ئیسرائیل’، ئەوا هیچ ڕێککەوتنێک نایەتە ئاراوە.

تێچووی شکستی گفتوگۆکان

جێگری سەرۆککۆماری ئێران هۆشدارییەکی توندتریشی دا سەبارەت بە ئەگەری بێ ئەنجامبوونی کۆبوونەوەکان. ئەو جەختی کردەوە کە ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، تاران بە توندی بەردەوام دەبێت لە ستراتیژی بەرگریکردن لە خۆی. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم سیناریۆیە “تێچوویەکی زۆر گەورەتر بۆ ئاسایشی جیهان” دروست دەکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری فراوانبوونی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەبینرێت.

سەنگەری نوێی تاران لە ئیسلامئاباد

ئەم لێدوانانەی عارف لە کاتێکدایە کە شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەدباقر قالیباف، لە پایتەختی پاکستانە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ تیمی نوێی حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس.

شارەزایان پێیان وایە تاران دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم پەیامانەوە فشار بخاتە سەر واشنتن تاوەکو پرسی ئاسایشی ئیسرائیل و ململانێ هەرێمییەکان نەکاتە ڕێگر لەبەردەم ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئێراندا.

ھەواڵی زیاتر