ترەمپ: ئێران واز لە تەماحە ئەتۆمییەکانی ناهێنێت؛ فەرمانم بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز دا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکانی پاکستان رایگەیاند، ئێران ئامادە نییە واز لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت، بۆیە فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە تەنگەی هورمز گەمارۆ بدەن و رێگری لە هەر کەشتییەک بکەن کە سەرانە بە تاران دەدات.

دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئێران بەڵێنی دابوو تەنگەی هورمز بکاتەوە، بەڵام بە ئەنقەست ئەو کارەیان نەکرد. ئەمە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ و ئازار بۆ زۆرێک لە خەڵک و وڵاتانی جیهان. دەڵێن مینمان لە ئاوەکەدا چاندووە، لە کاتێکدا تەواوی هێزی دەریایییان و زۆربەی مینڕێژەکانیان بە تەواوی تێکشکێندراون. ئەمە بێحورمەتییەکی گەورەیە بە ناوبانگی ئێران و ئەوەی لە رێبەرەکانیان ماوەتەوە.”

سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر زانیاریی تەواویان پێداوە دەربارەی کۆبوونەوەکە کە بە سەرپەرشتیی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئەنجامدرا. ترەمپ دەڵێت: “ئەوان سوپاسم دەکەن بۆ رزگارکردنی 30 بۆ 50 ملیۆن مرۆڤ لە شەڕێکی سامناکی نێوان پاکستان و هیندستان.”

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەکە لەگەڵ نوێنەرانی ئێران (قالیباف، عێراقچی و باقری) نزیکەی 20 کاژێر بەردەوام بووە و لەسەر زۆر خاڵ رێککەوتوون، بەڵام دەڵێت: “تەنیا یەک شت گرنگە؛ ئێران نایەوێت واز لە تەماحە ئەتۆمییەکانی بهێنێت! هەموو ئەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتین هیچ نین بەراورد بە رێگەدان بەوەی وزەی ئەتۆم لە دەستی گەلێکی وا ناسەقامگیر و پێشبینینەکراودا بێت. ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی!”

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر شکستی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، ترەمپ بڕیاری توندی دا و گوتی: “لە ئێستاوە، هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەست دەکات بە پرۆسەی گەمارۆدانی (بلۆککردنی) هەر کەشتییەک کە بییەوێت بچێتە ناو تەنگەی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە. ئەمە سەرانەستێنییەکی جیهانییە (EXTORTION) و ئەمریکا هەرگیز رێگە نادات سەرانەی لێ وەربگیرێت.”

ترەمپ هۆشداریی دا بەو کەشتییانەی پارە بە ئێران دەدەن و گوتی: “فەرمانم بە هێزی دەریاییمان کردووە رێگری لە هەر کەشتییەک بکەن لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کە سەرانەی بە ئێران دابێت. هەر کەسێک سەرانەی نایاسایی بدات، گەشتێکی ئارامی نابێت. هەروەها دەست دەکەین بە لەناوبردنی ئەو مینانەی ئێرانییەکان چاندوویانە. هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان لە کەشتییە ئاشتیخوازەکان بکات، رەوانەی ناو دۆزەخ دەکرێت!”

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ هەڕەشەی کۆتایی لە تاران کرد و رایگەیاند: “ئێران باشتر لە هەر کەسێک دەزانێت چۆن کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنێت کە وڵاتەکەیانی وێران کردووە. هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە، رادارەکانیان بێسوودن، خامنەیی و زۆربەی رێبەرەکانیان مردوون. گەمارۆکە بەم زووانە دەست پێ دەکات و وڵاتانی دیکەش بەشدار دەبن. ئێمە لە ئامادەباشی تەواوداین و پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە، سوپاکەمان ئەو بڕە کەمەی لە ئێران ماوەتەوە کۆتایی پێ دەهێنێت!”

ھەواڵی زیاتر