بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران ئاگادارییەک ئاراستەی هاووڵاتیانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد، تێیدا ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کارکردن لەسەر سیستەمی نوێ و ڕێکخستنەوەی کاروباری هاوبەشان، تا ڕێکەوتی 13ی نیسانی 2026 سەردانی بەشی فرۆشتنی وزە نەکەن.
ئامانجی ئەم بڕیارە چییە؟
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
خێراکردنی مامەڵەکان: پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی باشتر و خێراتر بە هاووڵاتییان.
بەدیجیتاڵکردن: کاراکردنی پڕۆژەی ڕوونامی و سیستەمی “ئی پسوولە” بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاووڵاتییان بتوانن کارەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی ڕایی بکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سنووری شەش قەزای ئیدارەی سۆران 90 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. لە ئێستادا سەنتەری شاری سۆران و دەوروبەری خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێریین، پڕۆژەی ڕووناکی قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و بڕیار وایە بەم زووانە تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بخرێتە سەر سیستەمی نوێی پڕۆژەکە.