ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30-03-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کریس ڕایت، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە تایبەتی دۆخی وزە کرد.
مالپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، وەک ئاسانکارییەک بۆ کەمکردنەوەی فشار و ئاڵنگارە ئابوورییەکان لەسەر عێراق و بازاڕی جیهانیی وزە، بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و پاڵپشتی کردەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و هەڵگرتنی گەمارۆی بازرگانی و وەستاندنی هێرشە تیرۆریستییەکان کە دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان زیاتر بکرێت و هەناردە بکرێت.هەروەها پاراستنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی.