سەرۆک بارزانی: پێنج جار هێرش کراوەتە سەر بارەگای ئێمە

مەسعود بارزانی، لە پەیامێکی گرنگ و بەپەلەدا کە درەنگانی شەوی یەکشەممە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەڕفرۆشتنێکی ئاشکرا و زوڵمێکی گەورە بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لە ماوەی دوایین ئاڵۆزییەکاندا، بارەگای ئەوان پێنج جار کراوەتە ئامانج.

ئاماری هێرشەکان و بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێم

بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کرد کە لەوەتای دەستپێکی گرژییە نوێیەکانەوە، زیاتر لە ٤٥٠ جار بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی پێشمەرگە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ لە شاری دهۆک، بە درۆن پەلاماری ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دراوە.

بارزانی وتی: “بابەتەکە ماڵ یان بارەگای کەس نییە، هەموو شوێنێکی کوردستان و هەموو ماڵی کوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە.” جەختیشی کردەوە کە بێدەنگییان لە ئاست هێرشەکانی سەر بارەگای خۆیان بۆ ئەوە بووە دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لەناو جەماوەردا دروست نەبێت.

پەیامێک بۆ بەغدا: ئیدانەکردن بەس نییە

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەسعود بارزانی ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی فیدراڵ گرت و ڕایگەیاند کە ئەم دۆخە بە “ئیدانەکردن و تەلەفۆن و لیژنە” چارەسەر نابێت. داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە یان ڕایبگەیەنن توانای ڕێگریکردنیان لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە نییە، یانیش هەنگاوی جددی و یەکلاکەرەوە بنێن بۆ پاراستنی سەروەریی دەوڵەت.

جەختکردنەوە لەسەر ئیرادەی گەلی کوردستان

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بارزانی دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە گەلی کوردستان خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و هیچ هەڕەشە و پەلامارێک ناتوانێت ئەو ئیرادەیە بشکێنێت، و هەمیشە بەرگری لە دۆزی ڕەوای خۆیان و پەیامی ئاشتی دەکەن.

ھەواڵی زیاتر