فوئاد حوسێن: عێراق و پڕۆسەی سیاسی لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکدا هۆشداریی توند سەبارەت بە داهاتووی وڵات دەدات و ڕایدەگەیەنێت، عێراق کەوتووەتە ناو ململانێیەکی ناوچەیی، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی ئابووری و سەقامگیریی سیاسی دروست کردووە.

وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لە ئێستادا بەدەست کێشەی داراییەوە دەناڵێنێت و پێشبینی سەرهەڵدانی کێشەی نوێ و سەیروسەمەرە دەکات. گرنگترین خاڵەکانی پەیوەست بە کەرتی نەوت بریتی بوون لەوەی، زۆربەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت عێراقیان جێهێشتووە، لە ئێستادا بەرهەمهێنان تەنها بۆ ناوخۆیە، جگە لەو 250 هەزار بەرمیلەی کەرکووک کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە تورکیا، حکومەت بیر لەوە دەکاتەوە لە داهاتوودا پەنا بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە ببات.

سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان واشنتن و گرووپە چەکدارەکان، فوئاد حوسێن چەند زانیارییەکی نوێی ئاشکرا کرد، کە واشنتن بە فەرمی بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە دەستپێشخەری هێرش ناکات مەگەر هێرشی بکرێتە سەر، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بنکەی حەبانیە لە ئەنبار بۆردوومان کرا، بەڵام ئەمریکییەکان بە فەرمی ڕەتیان کردووەتەوە کە ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت و جەختی کردەوە ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نەکردووە.

فوئاد حوسێن، ڕوونیکردەوە کە گرژییەکانی گەرووی بابولمەندەب کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق و وڵاتانی کەنداو هەبووە، بە جۆرێک لە ئێستادا هیچ کەشتییەکی عێراقی بەو گەرووەدا تێناپەڕێت.

وەزیری دەرەوە نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی کە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر نێردە بیانییەکان، بووەتە هۆی کشانەوەی بەشێک لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکو وڵاتان بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان ئەو هەنگاوەیان ناوە، کە ئەمەش زیان بە ناوبانگی نێودەوڵەتیی عێراق دەگەیەنێت.

ھەواڵی زیاتر