مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم: هەموو مافێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان هەیە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات و رایدەگەیێنێت، هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەیگرنەبەر.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە شاری دهۆک بە “ترسنۆکانە” وەسف کرد و رایگەیاند: “بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزاری دەکەین.”

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکاندابێت و وتی: “پێویستە ئەم تاوانبارە لەیاسا دەرچووانە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و سنوورێک بۆ بەردەوامیی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپانە دابنرێت.”

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا رووی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی “یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.”

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت: “هەموو مافێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە هەیە و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەیگرینە بەر.”

ئەمڕۆ شەممە، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، کە کاردانەوەی تووندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر