کەرکووک؛ لافاو گەنجێک دەبات و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-03-2026، لە سنووری ناحیەی لەیلان لە پارێزگای کەرکووک، بەهۆی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، گەنجێک بێسەروشوێن بوو و تا ئێستاش گەڕان بەدوایدا بێ ئەنجام بووە.

بەپێی زانیارییەکان گەنجەکە ناوی محەممەد عوسمانە، خێزاندارە و باوکی منداڵێکە. پیشەی پاسەوان بووە، لە کاتی گەڕانەوەی لە کارەکەی بە ماتۆڕێکی سێ تایە، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی لافاو بووەتەوە.

محەممەد وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان لەبارەی چۆنیەتی ڕووداوەکە ڕایگەیاند: ڕووداوەکە لەسەر پردێک بووە کە ئاوێکی زۆری هاتووەتە سەر، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن هاوڕێکانیەوە کە سەرکێشی نەکات و نەپەڕێتەوە، بەڵام ناوبراو هەوڵی پەڕینەوەی داوە و لافاوەکە خۆی و ماتۆڕەکەی بردووە.

تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سێ شوێنی جیاواز دەستیان بە گەڕان کردووە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا توانراوە جانتای تایبەتی گەنجەکە بدۆزرێتەوە، بەڵام خۆی هێشتا بێسەروشوێنە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی یان ڕزگارکردنی بەردەوامن.

ھەواڵی زیاتر