لەیلا زانا سەرەخۆشی لە مەسرور بارزانی دەکات

ڕۆژی پێنجشەممە 26-03-2026، سیاسەتڤان و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا لەیلا زانا، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە هێرشی مووشەکی ئێرانی

لە پەیامەکەی لەیلا زانادا هاتووە “بە خەم و کۆڤانێکی مەزن هەواڵی گیانبەختکردنی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکەمان بیست. ئەمە خەمێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ ماڵبەتەکانیان، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلی ئێمە. سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بە کەسوکاریان و ئێوەی بەڕێز و گشت پێشمەرگە ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین. یاد و یادەوەرییان لە دڵی گەلی ئێمەدا دەژی و ڕێگەیان بەردەوام دەبێت”.

لایە خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پەیامەکەدا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوخەمییەکە، جەختی کردەوە کە شەهیدەکانمان هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندا زیندوون، ڕێ و ڕێبازەکەشیان بەردەوام و سەرکەوتنیش بۆ گەلی کوردستان دەبێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 24-03-2026، لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی 7ـی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، بە 6 مووشەکی بالیستی ئێرانی کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

ھەواڵی زیاتر