هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی سێ ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئادار (3) تەواو کردووە، بڕیارە لیستەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەوانەی بەغدای بکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی ئادار کۆتایی هاتووە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستەکە بۆ بەغدا دەنێردرێت و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی دووشەممە بگاتە دەست وەزارەتی دارایی عێراق. هاوکات تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێم بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکان سەردانی بەغدا دەکەن.

سەبارەت بە ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوو (شوبات)، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا ڕەوانە نەکراوە، بەڵام هەوڵ دەدرێت لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی ئادار یان لە چەند ڕۆژی دوای ئەوەدا بە دڵنیایی لە هەفتەی داهاتوودا ڕەوانە بکرێت.

ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاندووە فەرمانگەی ژمێریاری دەستی بە وەرگرتنی نووسراوی یەکەکانی خەرجکردن کردووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار. بۆ ئەم مەبەستە عێراق داوای ئەم چوار مەرجە لە هەرێم دەکات:

لیستی ناوی مووچەخۆران.

تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

نووسراوی وەزارەتی نەوت سەبارەت بە نەوتی هەناردەکراو.

ڕادەستکردنی 120  ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی.

مووچەی مانگی ڕابردوو (شوبات) لە ڕێکەوتی 9ـی ئادار ڕاگەیەندرا و لە ماوەی سێ ڕۆژدا (10 تا 12ـی ئادار) سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرت.

ھەواڵی زیاتر