چوارچێوەی هەماهەنگی پڕۆژەیەک بۆ داماڵینی چەکی گرووپەکان ئامادە دەکات

لە ژێر فشاری توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان، لیژنەیەکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی پڕۆژەیەکی تایبەت بە داماڵینی چەکی میلیشیاکانی ئامادە کردووە، بەڵام پڕۆژەکە لەلایەن بەشێک لە گرووپە دیارەکانەوە بە توندی ڕەتکراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لیژنە باڵاکەی عێراق کە ئەرکی داماڵینی چەکی گرووپەکانی گرتووەتە ئەستۆ، لە هەریەک لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و هادی عامری پێکهاتووە. ئامانجی ئەم لیژنەیە ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی گشتگیرە بۆ ڕادەستکردنی بە لایەنی ئەمریکی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکانی واشنتن لەسەر حکومەتی نوێی عێراق.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەکە کۆمەڵێک خاڵی هەستیار لەخۆ دەگرێت، لەوانە: کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو جۆرە چەکە قورس و مامناوەندەکان و دووبارە ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی حەشدی شەعبی. هەروەها ئەنجامدانی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە دەزگا ئەمنییە هەستیارەکان، بەتایبەتی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە کۆبوونەوەکانی لیژنەکە لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان بێ کێشە نەبووە، بەشێک لە گرووپەکان بە توندی دژی پێشنیازەکان وەستاونەتەوە و کۆبوونەوەکان گرژیی تێکەوتووە.

لەو چوارچێوەیەدا، گرووپە دیارەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و نوجەبا بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری چەکەکانیان نابن و ئامادە نین چەک ڕادەستی دەوڵەت بکەن.

ئەم جووڵەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە، واشنتن فشارەکانی بۆ سەر بەغدا چڕکردووەتەوە و مەرجی سەرەکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی داهاتوو، دوورخستنەوەی میلیشیاکانە لە جومگە هەستیارەکانی دەوڵەت و کەمکردنەوەی ڕۆڵیان لە بڕیاری سیاسی و ئەمنیی وڵاتدا.

ھەواڵی زیاتر