کۆمپانیاکانی نەوت دەست بە کارکردن دەکەنەوە و گەرەنتی پاراستنیان پێدەدرێت

کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە کارەکانیان کردەوە، ئەمەش دوای ڕاگرتنی کارەکانیان بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و دروستبوونی مەترسیی ئەمنی لەسەر کێڵگە نەوتییەکان.

بەپێی زانیارییەکان، دەستپێکردنەوەی کارەکان دوای سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بۆ هەولێر دێت. زەیدی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی داوە کە ڕێگری لە میلیشیاکان بکات لەوەی چیتر هێرش بکەنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان.

عەلی زەیدی، ڕایگەیاندووە:من گەرەنتی تەواو بە کۆمپانیاکانی نەوت دەدەم کە هەر ئێستا دەست بە کارکردن بکەنەوە و ڕێگە نادەم هیچ هێرشێکیان بکرێتە سەر.

کۆمپانیای DNO و پلانی نوێ بۆ بەرهەمهێنان

لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی (DNO) نەرویجی بە فەرمیی دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و پیشخابوور بەشێوەیەکی سنووردار ڕاگەیاند.

هەنگاوەکانی داهاتووی کۆمپانیاکە: نۆژەنکردنەوەی بیرە کۆنەکانی نەوت، لێدانی 8 بیری نوێ لە کێڵگەی تاوکێ، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. هاوکات کۆمپانیاکانی دیکەی نەوتیش لە ئامادەکاریدان و خەریکی گەڕاندنەوەی ستافەکانیانن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان.

پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرد. بەڵام بەهۆی هێرشی میلیشیاکان لە سەرەتای جەنگەوە، زۆربەی کۆمپانیاکان کارەکانیان ڕاگرت، بەجۆرێک لەو ماوەیەدا تەنها 20 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە ڕادەستی سۆمۆ کراوە.

ھەواڵی زیاتر