کوردستان

دژەتیرۆر سەردانی دوو شەهیدەکەی کەرکووک دەکات

02-10-2026
دژەتیرۆر سەردانی دوو شەهیدەکەی کەرکووک دەکات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

دوای شەهید کردنی دوو هاووڵاتیی کورد لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژ بە چەکدارانی داعش لە ناحیەی پردێ، شاندێکی باڵای دەزگای دژەتیرۆری عێراق گەیشتنە ناوچەکە و لایەنە فەرمییەکانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشیان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان پێکهێناوە

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، فەریق یوسف هاشم، جێگری فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی باڵا، سەردانی ناحیەی پردێیان کرد، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی دڵنەوایی و هاوخەمی بۆ بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەهید کران، ئەو شاندەی دژەتیرۆر سەردانی ماڵی هەردوو هاووڵاتییەکەیان کرد.

دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ شەهیدبوونی ئەو دوو هاووڵاتییە دەربڕی، کە لە 27-9-2026، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی گەمارۆدانی دوو چەکداری داعش لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی قەرەباڵغدا، شەهید کران.

دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ڕاگەیاند، پێکدادانەکە لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنی چەکدارەکاندا ڕوویداوە کە یەکێکیان پشتێنی بۆمبڕێژکراوی پێبوە، لە ئەنجامیشدا دوو هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و چوار ئەندامی دژەتیرۆریش بریندار بوون، پرۆسەکەش بە کوژرانی یەکێک لە تیرۆریستەکان و دەستگیرکردنی ئەوی دیکەیان کۆتایی هاتووە.

دەزگای دژەتیرۆر جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل هێڵی سوورە، بۆیە دەستبەجێ بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە و لەسەر ئاستی دەزگاکەش لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان پێکهێنراون، تاوەکو هۆکاری شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتییە ئاشکرا بکرێت و ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.