کاروانێکی دیکەی عەرەبە هاوردەکان لە عەفرین و جێندرێس بەڕێکەوتن بەرەو شوێنەکانی پێشووی خۆیان لە پارێزگاکانی، دێرەزوور، ڕەققە، حەلەب، ئیدلب، حەما، دەرعا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی عەفرین، 43 خێزانی عەرەب کەمپەکانی عەفرین و جێندرێسیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ شارەکانیان، لە 26ـی ئابی ڕابردووشدا، 20 خێزانی دیکەی عەرەبی هاوردە کەمپی جێندرێسیان چۆڵ کرد و گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، دوای ئەوەی سەرجەم پێداویستیی و کەرەستەی گەڕانەوەیان بۆ دابینکرا.
٠ پرۆسەی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی عەفرین و بە هاوکاریی کۆمیتەی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، مانگی سووری عەرەبیی سووری، ڕێکخراوەکانی گەورەی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەڕێوەچوو.
گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 59ـی ساڵی 2026 ـدا بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی داخستنی تەواوی کەمپەکانە لە سەرتاسەری سووریادا.
گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ سەر خاك و زێدی خۆیان لە سەرێکانی، عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامیی هەیە. لە بەرامبەردا، کاروانی ئەو عەرەبە هاوردانەی لە کەمپەکانی سنوورەکەدا نیشتەجێ کرابوون، دەستیان بە چۆڵکردنی ناوچەکە و گەڕانەوە بۆ شار و گوندەکانی خۆیان کردووە.
سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئەوکاتی سووریا، بە پاساوی دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لە ساڵی 2019ـدا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەژێر ناوی "کانیی ئاشتی" بۆ سەر هەردوو ناوچەی گرێ سپی و سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، دوای هەشت ڕۆژیش لە شەڕ و پێکدادان، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان، توانییان ناوچەکان کۆنترۆڵ بکەن و هەسەدە لێیان کشایەوە بەوهۆیەش دەیان هەزار هاووڵاتی کورد ئاوارەبوون.