رووداوەکانی خنکان لە چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان روویان لە زیادبوون کردووە. لە زۆر شوێندا تابلۆی "مەلەکردن قەدەخەیە" دانراوە، بەڵام بەشێکی هاوڵاتییان پابەند نەبوون و ئەمساڵ، تاوەکو ئێستا 77 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەم بارەیەوە سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 77 کەس لە ئاوی رووبار و چەمەکاندا خنکاون و تیمەکانیان توانیویانە تەرمی 76 کەس بدۆزنەوە.
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی، ژمارەی رووداوەکانی خنکان بەسەر شار و ئیدارە سەربەخۆکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون:
هەولێر: 21 کەس.
سۆران: 13 کەس.
زاخۆ: 11 کەس.
سلێمانی: 9 کەس.
دهۆک: 7 کەس.
راپەڕین: 5 کەس.
گەرمیان: 5 کەس.
ئاکرێ: 1 کەس.
بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، لە تەواوی ساڵەکەدا تەنیا 68 رووداوی خنکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون، بەڵام بۆ ئەمساڵ هێشتا دوو مانگ بۆ کۆتایی ساڵ ماوە و ئامارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 77 رووداو.