داگیرکردنی تاریکی.. ئافراندن بە زوخاوی کورد

گەلانی چەوسێنراوە و ستەمدیدە بۆ گەیاندنی دەنگیان بە گەلانی ئازادیخواز و مرۆپەروەر هەر تەنیا نووسینەوەی مێژوو و هەواڵی ڕاگەیاندنەکان دادیان نادات، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی ئەدەبیاتیشەوە خەبات و خۆڕاگری و سەرکوتکرانیان تۆمار بکەن—ئەدەبیاتێک کە ڕووی کۆڕی ئەدەبیی جیهانیی هەبێت. هێرتا میولەر نوێنەری ئەدەبیاتی چەوساوەکانە کە ستەمکاریی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری چاوچیسکۆی ڕۆمانیایی دەگێڕێتەوە.
ئاشکرایە بۆ ئەوەی مێژوویەک بکەیتە ئەدەبی گێڕانەوە، پێویستی بە ئەدیبێکی داهێنەر و بیرفراوان و ڕەنێوهێنە. نابێت هەر مێژوو بگێڕێتەوە، نابێت هەر هەواڵی ڕابردوومان پێ ڕابگەیەنێت. دەبێت ئەدیبەکەی توانای ئافراندنی ڕووداو و چیرۆکی خەیاڵیی وای هەبێت کە پێشتر لە خەیاڵدانی کەسدا چەکەرەی نەکردبێت.
ئێمەی کورد بە درێژاییی مێژووی دێرین و نوێ داپڵۆسێنراوین و هەوڵی پاکتاوکردنمان دراوە، بە تایبەتی لە دووسەد ساڵی ڕابردووەوە کە لەو ماوەیەدا وەک قاپە دانوولەی گەرمی پاش گێرە بەسەر پێنج وڵاتدا بەش کراوین. لەو ڕەوتەی مێژوودا بە سەدان باس و سەربوردەی وامان هەن کە ماددەی خاوی ئەدەبیاتن و پێویستیان بە بلیمەتێک هەیە تا بیانکاتە شاکاری جیهانی.
بەختیارعەلی لە دوایین ڕۆمانیدا بە ناوی ”داگیرکردنی تاریکی“ دەستی بۆ چمکێک لە مێژووی خوێنینی کورد لە باکووری کوردستان بردووە. لەو لاپەڕەیەی مێژوودا کە چەندین جۆری تاوان بەرانبەر کورد کراون و تاڵاوی ژینی پێ نۆشراوە، ڕۆمانی ”داگیرکردنی تاریکی“ لە توونی تاریکی قەدەغەکردنی زمانی کوردییەوە دەخزێتە ئەو مێژووەوە و توێ‌توێ پەردەکان لەسەر دڕندایەتیی تورکی فاشیست لە هەمبەر کورد و زمانەکەیدا لا دەدات. تۆ هەرچەندە لە پەرتوێکگەلی مێژوویی و دیمانەی شایەتحاڵاندا ئەو باسانەت خوێندبنەوە و ژنەفتبن، هێشتاکونێ پێویستت بەوەیە بە وێنەیەکی هونەریی باڵا بۆت بگێڕدرێتەوە تا لەسەر یادگەتدا بنەخشێت. ڕاستە دژایەتیی تورک بۆ کورد، ئەرمەنی، یۆنانی و چەرکەسی لامان ڕوونە و، دەزانین بێچووە تۆرانەکان لەسەر ڕقەبەرایەتی و سڕینەوەی ئەو گەلانە و داننەنان بە هەبوونیاندا گۆشکراون، لێ ”داگیرکردنی تاریکی“ ئەوەت بە وشە و ڕستەی کوردی بۆ دەکاتە نیگار و تەنانەت فیلمێکی زەینی. ئیتر بۆ هەتاهەتایە تۆ ئەو کوردقڕاندن و کوردسڕینەوەیەت لە یاد ناچێتەوە و هەمیشە وێناکەیت لا لە ئارادایە. ئەدەبیات نەبێت ”ڕێکخراوی دووی نیوەشەو“ بۆ پاراستنی زمانی کوردی دروست نابێت، نەخۆشیی وەرگەڕانی زمان لە تورکییەوە بۆ کوردی سەر هەڵنادات کە نەخۆشەکە بۆ هەمیشە تورکیی لە بیر بچێتەوە. ئەم ڕۆمانە ئافراندنێکی ئەدەبییە بە زوخاوی هەناوی کورد.
”داگیرکردنی تاریکی“ شاکارێکی نەک تەنیا نێو ئەدەبیاتی کوردی، بەڵکو نێو ئەدەبیاتی جیهانییە و شانەخڕێ لەگەڵ ڕۆمانە بەرزەکانی دنیادا دەکات. دەتوانێت نوێنەرێکی ڕووسووری ناساندنی ستەمدیدەییی کوردان بێت و چکێک لە زەریای ستەمدیدەیییان دەرخواردی دنیا بدات.
ڕووداو و چیرۆکەکانی ”داگیرکردنی تاریکی“ وەک کانیاوێکی نساری چیاکانی کوردستان کە بە شریخەی هەورەگرمەیەک دەتەقێت و قوڵپەقوڵپ دەدات، ڕوون و سازگارن. یەک بەدوای یەک لە بەستێنێکی مەنگدا پەنگ دەخۆنەوە و جۆگەلەکانی بەرەو مەزرای هزری خوێنەر ڕادەخوشێن و پاراوی دەکەن.
ئەم ڕۆمانە سەرباری قەبارە گەورەکەی و چڕیی دێڕەکانی، کەچی ماندووت ناکات و لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر پەڕەیەکدا تین و توانت بۆ خوێندنەوە زیاد دەبێت.
نووسەری ڕۆمانەکە گەلێک چەلان لەسەر ڕۆمانەکانی پێشتری گلەییی ئەوەی لێ دەکرا کە درێژدادڕیی زۆری کردووە و زمانی کوردی و ڕێنووسەکەی باش نییە. خوا هەڵناگرێت ”داگیرکردنی تاریکی“ کە ٧٢١ لاپەڕەیە، ئەگەر هەر بە زۆر بمانەوێت زیادەی لێ دەر بکەین، ئەوا بە لای زۆرەوە هەر ١٠ لاپەڕەیە کە ئەوەیش بۆ ڕۆمانێکی وا هەر هیچ نییە. ڕاستە نووسەر لە ڕۆمانەکانی دیکەیدا ڕەخنەی زمانەوانیی زۆری لەسەرە، بەڵام ئەم ڕۆمانەی لە چاوی ئەوانی دیکەیدا کە من خوێندوومنەتەوە (پێنج ڕۆمان لە کۆی ١٠ ڕۆمانی نووسەر)، زۆر باشترە و پێوەی دیارە کە گرنگیی بە زمانی کوردی داوە. وێڕای ئەوەیش، هێشتا کۆمەڵێک هەڵەی زمانەوانیی تێدایە کە خۆشتر بوو ئەو هەڵانە نەبوونایە و، من لای خۆمەوە ئەو هەڵانە بە مایەی لەنگیی ڕۆمانەکە نابینم، چونکە لە چاو قەبارەکەیدا هەر هیچ نین. ئینجا هیچ نووسەرێکیش نییە کە تەکووز و گزۆر بێت و لە نووسینێکی هێندە فراواندا هەڵەی تووش نەبێت. لە بابەتی ڕێنووسەوە، ماڵم هەقە هەتا بڵێی خراپە و پڕیەتی لە هەڵەی ڕێنووس. خاڵبەندییەکەیشی تا ڕادەیەکی زۆر باشە.
گەلێک کەس لە بارەی هەڵە و کەم‌وکورتییەکانی ئەم ڕۆمانەوەیان نووسیوە. من لام وایە زۆربەیان لە دوو قۆڵەوە شەڕی نابەجێی پێ دەفرۆشن، نەک ئەوەی ڕەخنەی ئەدەبی بن:
١. شەڕی هزری سیاسی
٢. شەڕی ئەوەی ناتوانن لە ڕووی ئەدەبییەوە بە ئاستی نووسەرەکەیدا بگەن، ناچارن شەڕی دالەنگاندنی نووسینەکەی بکەن.
گلەیییەک کە لە کتێبەکەم هەیە، نرخەکەیەتی کە گرانە. دەمێکە بڕیارم داوە کتێبی بەختیار عەلی بەو نرخە گرانانە نەکڕم. لەم بارەیەیشەوە لە چەند نووسینێکدا بۆچوونی خۆم دەر بڕیوە. هەمیشە لە لای قەوم و خوێش و دۆستان کتێبەکانی بۆ خوێندنەوە وەردەگرم و پاشان بۆیان دەبەمەوە—ئەمەیشم لە ئامۆزایەکم وەرگرت.
جووتیار قارەمان

ھەواڵی زیاتر