“کەشتی ئاسمانیی هیوا” دەنێرێتە هەسارەی مەریخ-هەواڵ
ئیمارات دەبێتە یەکەم وڵاتی عەرەبی لەنێو هەسارەی مەریخ لێکۆڵینەوە بکات، دوای ئەوەی سبەی کەشتییەکی ئاسمانی رەوانەی ئەو هەسارەیە دەکات.
کەشتیی ئاسمانیی هیوا-ی ئیماراتی، بڕیارە سبەی (چوارشەممە، 15-7-2020) لە سەنتەری تانیگاشیمای بۆشایی ئاسمان لە ژاپۆنەوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێت.
کەشتییە ئاسمانییە ئیماراتییەکە بەپێی مەزەندەکان حەوت مانگی پێدەچێت بۆ بڕینی 493 ملیۆن کیلۆمەتر و گەیشتن بە مەریخ. بەمەش لەگەڵ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی 50ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتی ئیمارات، ئامانجەکەی دەپێکێت.
لەماوەی ساڵێکی مەریخ کە دەکاتە 687 رۆژی زەوی، کەشتیی ئاسمانیی هیوا بەدەوری هەسارەی مەریخدا دەسووڕێتەوە.
سارە ئەمیری، جێگری بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشتەکە بۆ مەریخ و وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری زانستە پێشکەوتووەکان دەڵێت “بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی 24 کاتژمێری سەرەتام لەدوای جیابوونەوەی کەشتییە ئاسمانییەکە لە مووشەکەکە، چونکە لەوەوە ئەنجامی کارەکەمان دەبینین”.