له‌م وڵاته‌‌ له‌جیاتی مووچه‌ چیمه‌نتۆ به‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک، کۆمپانیای گشتیی چیمەنتۆ، کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عێراقە، کارمەندەکانی سەرپشک کردووە لە وەرگرتنی چیمەنتۆ لەبری وەرگرتنی مووچە، بەهۆی ئەوەی مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشنەکراوە.

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەری گشتیی چیمه‌نتۆ کارمەندەکانی سەرپشک كردووه‌ لە وەرگرتنی پێنج تۆن چیمەنتۆ بە نرخی فەرمی، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی مانگانە 50 هەزار دینار لە مووچەکانیان دەبڕێت.

وەزیری پیشەسازیی عێراقیش له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئەو بەڵگەنامەیه‌ی کۆمپانیای گشتی چیمەنتۆی ڕەتکردووەتەوە، کە وەک جێگرەوە بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران دەریکردووه‌ و پێی وایە ئەو بڕیارە هەوڵی تاکە کەسییە و لەلایەن کارگێڕیی کۆمپانیاکەوە خوێندنەوەی بۆ نەکراوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی وەزارەتیش.

مەنهەل عەزیز خەباز، وەزیری پیشەسازی عێراق، لیژنەیەکیشی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیه‌ و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو کەسانەی ئەو بڕیارەیان دەرکردووە.

ھەواڵی زیاتر