بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە: پێدەچێت پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی داهاتوو بکەوێتە کۆتایی مانگی ئەیلول

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر دۆخی تەندروستی بەرەو باشتر بڕوات ئەوا دەستپێکی پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی داهاتوو دەکەوێتە کۆتایی مانگی ئەیلول، ئەگەر دۆخەکەش بە خراپی مایەوە ئەوا پێویستیان بە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەبێت بۆ بڕیاردان.

 دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە میدیاكانی راگەیاند: سەرەتای مانگی ئەیلول تاقیکردنەوەی وەزری دوەمی (12)ـی ئامادەیی بەڕێودەچێت، لەبەر ئەوە دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی داهاتو پێدەچێت بکەوێتە کۆتایی مانگی ئەیلول ئەگەر کۆرۆنا کۆنتڕۆڵکرا، ئەگەر نا پێویستمان بە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی شێوازی دەوامکردن و بڕیاردان.

 لەبارەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی (12)ی ئامادەیی بەڕێوەبەری پەروەردە رایگەیاندووە، هەموو ئامادەکاریەکیان کردووە بۆ باش بەڕێوەچونی پرۆسەکە، هەماهەنگییان لەگەڵ سەرجەم فەرماندە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوە هاوکاربن،

وتیشی: کە کارەبای بەردەوام بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا و موەلیدە ئەهلییەکان بۆ خوێندکاران دابینکراوە و تیمەکانی تەندروستی لە هەندێک هۆڵی تاقیکردنەوە دەگەڕێن بۆ دڵنیابونەوە لە سەلامەتی خوێندکاران لە روی تەندروستی جەستەیی و دەرونییەوە.

ھەواڵی زیاتر