جارێكی تر حیزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌بێ پارتی له‌ كه‌ركوك كۆده‌بنه‌وه‌

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌، 20ی ئه‌یلوول، كاتژمێر11 حیزبه‌ كوردستانییه‌كانی كه‌ركوك له‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی 2ی كه‌ركوكی یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌ و چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كه‌ن

مه‌لا ڕێباز، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ كه‌ركوك، به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: “كاتژمێر11 له‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك كۆده‌بینه‌وه‌ و چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كه‌ین.”

وتیشی: “له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق، ڕه‌وشی شاره‌كه‌، یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌مان ده‌بێت.”

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری كردنی پارتیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، باڵكێش په‌یوه‌ندی به‌ عه‌دنان كه‌ركوكی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوك گه‌رمیانی ئه‌و حیزبه‌وه‌ كرد، وتی: “تاوه‌كو ڕه‌وشی كه‌ركوك به‌و جۆره‌ بێت، پارتی له‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی شاره‌كه‌دا به‌شداری ناكات و كه‌ركوك لای ئێمه‌ شارێكی داگیركراوه‌.”

ناوبه‌ناو حیزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ كه‌ركوك كۆده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌و شاره‌دا به‌شداری نه‌كردووه.

ھەواڵی زیاتر