گوتەبێژی سەربازی کازمی: پێشمەرگە ناگەڕێتەوە بۆ کەرکوک

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند هێزی پێشمەرگە ناگەڕێتەوە بۆ شاری کەرکوک.

عەمید یەحیا ڕەسوڵ بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند هیچ رێکەوتنێک نەکراوە بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ سنوری پارێزگای کەرکوک.

وتەبێژی سەربازی کازمی ئاماژەی بەوەشکرد،چەند ناوەندێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دروستدەکرێت بۆ هەماهەنگی لەبارەی پاراستنی ئەو شوێنانەی داعش چالاکی تێدا دەکات.

وتیشی ئەو ناوەندە هاوبەشانە کار دەکەن لەسەر هەماهەنگی نێوان هێزەکان و پێدانی زانیاری بەیەکتر لەهەرسێ پارێزگای نەینەوا و دیالە و کەرکوک،بەڵام هیچ هێزێکی پێشمەرگە ناگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و شوێنەکانی دیکە.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ سنوری کەرکوک.

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەیەکە چەکدارانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان چالاکی دەکەن و حکومەتی هەرێمیش چەند جارێک داوایکردوە رێگە بدرێت هێزەکانی پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزن.

ھەواڵی زیاتر