پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە پارێزگای هەولێر دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا تیروپشک بۆ حەوت هەزار پارچە زەوی دیکە ئەنجام بدرێت.
شوکرییە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ تیروپشکی ئەو حەوت هەزار پارچە زەوییە لە قۆناغی کۆتاییدایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووبەری هەر پارچە زەوییەک 200 مەترە و دەکەونە ناوچەکانی (جێژنیکان، ئاشۆکان و سەیدان) لە سنووری شەش شارەوانیی دەوروبەری هەولێر.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی کارەکان، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی ئاشکرای کرد کە ئاڵۆزییەکانی جەنگی ئێران لە ناوچەکەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە. ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، نەتوانراوە ئامێری “درۆن” بۆ مەبەستی نەخشەسازی و ڕووپێوی زەوییەکان بەکاربهێنرێت، ئەمەش بووەتە هۆی خاوبوونەوەی ڕێکارە هونەرییەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە بە کۆی گشتی 110 هەزار پارچە زەوی لە ناوەند و دەوروبەری هەولێر دابەش بکات. بەپێی ئامارەکان، لە ناوەندی هەولێر تا ئێستا 20 هەزار زەوی دابەشکراوە و 30 هەزار پارچەی دیکە ماوە. هەروەها لە قەزا و ناحییەکانیش 32 هەزار پارچە دابەشکراوە و بڕیارە 30 هەزار پارچە زەوی دیکەش ئامادە بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شوکرییە عەباس جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنراوە بەردەوامە. لە بەرانبەر هەر ڕووبەرێکی زەوی کە بۆ بەرژەوەندیی گشتی کوژێنراوەتەوە، زەوییەکی دیکە لە شوێنێکی جیاواز وەک قەرەبوو بە جووتیاران دەدرێت.