ئێران هەڕەشەی بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% دەکات
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هەر هێرشێکی نوێ کە بکرێتە سەر وڵاتەکەیان، یەکێک لە بژاردە بەهێزەکانی تاران بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمە بۆ ڕێژەی 90%.
ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا جەختی کردەوە کە پەرلەمان ئێستا خەریکی تاوتوێکردن و پێداچوونەوەی ئەم بڕیارە ستراتیژییەیە. ئەم هەڕەشەیەی تاران لە کاتێکدایە کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێستا ئێران خاوەنی یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی 60%، بەڵام لە ڕووی تەکنیکییەوە گۆڕینی ئەم ڕێژەیە بۆ 90% لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام دەدرێت.
گەیشتنی ئاستی پیتاندن بۆ 90% بە مەترسیدارترین قۆناغ دادەنرێت، چونکە ئەمە ئەو ئاستەیە کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاردێت. لە ڕووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە، ئەم ڕێژەیە وەک هێڵی سوور دەناسرێت، چونکە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکان و ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕێگە نادەن هیچ وڵاتێک بۆ مەبەستی مەدەنی و ئاشتییانە بگاتە ئەو ئاستە.
ئەم لێدوانانەی لایەنی ئێرانی دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەیان بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت لە ناوخۆی ئێراندا کردووە.
ئامانجی ئەو هێرشانە بریتییە لە کۆنترۆڵکردن یان لەناوبردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، بەرلەوەی وڵاتەکە بگاتە قۆناغی کۆتایی و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ئەم هەڕەشە نوێیەی تاران وەک فشارێک دەبینرێت بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ڕێگری لە هەر پێکدادانێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا بگرن.