مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی کوردستان کۆبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرنی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران کورتەیەکی دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستەڕوو. 


لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای خواست، کابینەی نوێ ببێتە مایەی هاتنەئارای سەردەمێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.


سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا کە ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کاتدا، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەکەوێت.


سەرۆکوەزیران سوپاسی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کەرتی تایبەتیشی کرد کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و بزاڤی بازرگانی لە کوردستان هەبووە.

لە کۆتاییدا چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی پەیوەندیدار بە جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی خرانەڕوو و سەرۆکی حکومەتیش وەڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.

ھەواڵی زیاتر