فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی وردی لەسەر قەبارەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بڵاوکردەوە کە لە دوای 28ی شووباتی ئەمساڵەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. بەپێی داتاکان، هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشداریی جەنگ نین، بەڵام زۆرترین زیانی گیانی و ماددییان پێگەیشتووە.
ئاماری گشتی هێرشەکان لە دوای 28ی شووباتەوە تا 20ی نیسانی 2026
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، سەدان هێرشی ناڕەوا کراونەتە سەر ژێرخانی سڤیل و ناوچە نیشتەجێبووەکان:
کۆی گشتی هێرشەکان: 809
هێرشی درۆنی: 701
هێرشی مووشەکی: 108
کۆی قوربانییان: 20 شەهید و 123 بریندار.
دابەشبوونی هێرش و قوربانییەکان بەپێی ناوچەکان
پارێزگای هەولێر
ژمارەی هێرشەکان: 477 هێرش (419 درۆن و 58 مووشەک).
قوربانییەکان: 10 شەهید و 83 بریندار.
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە
ژمارەی هێرشەکان: 235 هێرش (194 درۆن و 41 مووشەک). قوربانییەکان: 3 شەهید و 6 بریندار.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:
ژمارەی هێرشەکان: 68 هێرش (59 درۆن و 9 مووشەک).
قوربانییەکان: 7 شەهید و 34 بریندار.
پارێزگای دهۆک
ژمارەی هێرشەکان: 29 هێرش (هەموویان لە ڕێگەی درۆنەوە بووە).
زیانە ماددییەکان و بەئامانجگرتنی سڤیلەکان
هێرشەکان زیانی گەورەیان بە کەرتی تایبەت و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان گەیاندووە:
لە هەولێر: 726 هاووڵاتی زیان بە خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنی کارەکانیان کەوتووە.
لە سۆران: 35 هاووڵاتی زەرەرمەند بوون لە ماڵ و داراییەکانیان.
لە دهۆک: زیاتر لە 13 جار هێرش کراوەتە سەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت.
لە سلێمانی و هەڵەبجە: 24 هێرشی ڕاستەوخۆ کراوەتە سەر شوێنی سڤیل و دەیان هاووڵاتی زەرەرمەند بوون.
پەیامی حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە “بێ بنەما و ناڕەوان” و تەنها هاووڵاتییانی مەدەنی کردووەتە ئامانج. سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی جیهان بەردەوام هێرشەکانیان شەرمەزار کردووە، داوا لە حکومەتی بەغدا دەکرێتەوە کە ئەرکی خۆی لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکات و بکەرانی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە سزا بدات.