دانەغاز بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 13-04-2026، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی بە شێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاند کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستی پێ کردووەتەوە. ئەم بڕیارە دوای وەستانێکی چەند هەفتەیی دێت بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هاتبووە ئاراوە.

ڕاگرتنی کارەکانی دانەغاز لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی گەورەی بۆ کەرتی وزە دروست کردبوو، لەوانە:

کەمبوونەوەی کارەبا: دروستبوونی گرفت لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان.

قەیرانی غازی ماڵان: کەمبوونەوەی بڕی غاز لە بازاڕەکاندا کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ 3  تا 4 بەرامبەر.

کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەسەر دوو خاڵی سەرەکی کردووەتەوە:

هەماهەنگی حکومی: دەستپێکردنەوەی کارەکان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بووە.

پاراستنی هاووڵاتیان: دانەغاز ئاماژەی بەوە کردووە کاری هەرە لەپێشینەی ئەوان لە ئێستا و داهاتوودا، پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و کارمەندەکانیان دەبێت.

دوای چەند هەفتەیەک لە ڕاگرتنی بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچەکە، گەڕانەوەی دانەغاز بۆ کێڵگەی کۆرمۆر ئومێدی ئەوە دروست دەکات کە نرخی غازی ماڵان دابەزێت و کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی جێگیر ببنەوە.

ھەواڵی زیاتر