سوپای پاسداران: نزیکبوونەوەی کەشتییە سەربازییەکان لە تەنگەی هورمز بە پێشێلکردنی ئاگربەستە
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی کەشتییە سەربازییەکان بۆ نزیکبوونەوە لە تەنگەی هورمز وەک پێشێلکردنی ئاگربەست دەبینن و بە تووندی و بە شێوەیەکی سەخت رووبەڕوویان دەبنەوە.
لە راگەیەندراوێکدا، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: “بەپێچەوانەی بانگەشە درۆینەکانی هەندێک لە بەرپرسانی دووژمن، تەنگەی هورمز لە جڵەو و بەڕێوەبردنی ژیرانەدایە و بە رەچاوکردنی رێسا تایبەتەکان، تەنیا بۆ تێپەڕبوونی بێ زیانی کەشتییە سڤیلەکان کراوەیە.”
سوپای پاسداران هۆشداریی دەداتە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و دەڵێت: “بۆ ئەو کەشتییە سەربازییانەی کە لەژێر هەر ناو و بیانوویەکدا، مەبەستی نزیکبوونەوەیان لە تەنگەی هورمز هەبێت، ئەمە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دادەنرێت و بە تووندی و بە شێوەیەکی سەخت رووبەڕوویان دەبینەوە.” ئەم هۆشدارییە نوێیەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون و فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە تەنگەی هورمز گەمارۆ بدەن