تاران هۆشداری دەدات: گەرووی هورمز بۆ هەمووان یان بۆ هیچ کەس
قەرارگەی خاتەم ئەلئەنبیا هەڵوێستی توندی خۆی سەبارەت بە ستراتیژی نوێی ئێران لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند و جەختی کردەوە ئاسایشی ناوچەکە و بەندەرەکانی کەنداو بە ئاسایشی ئێرانەوە بەستراوەتەوە.
گەرووی هورمز؛ لەژێر کۆنترۆڵی تونددا
ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی قەراگەی خاتەم ئەلئەنبیا، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ڕێگری لە تێپەڕبوونی هەر کەشتییەکی “وڵاتانی دوژمن” دەکەن لە گەرووی هورمز و ئاماژەی بەوە کرد کە: کەشتییە سەربەخۆکانی وڵاتانی نەیار مافی تێپەڕبوونیان نییە و تێپەڕبوونی هەر کەشتییەکی دیکە تەنیا بە پابەندبوون بە یاسا و ڕێساکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕێگەی پێ دەدرێت. دروشمێکی نوێی بۆ دۆخی گەرووەکە ڕاگەیاند و وتی: گەرووی هورمز یان بۆ هەمووان دەبێت یان بۆ هیچ کەس.
ململانێی کۆنترۆڵکردنی ئەم شا دەمارە ئابوورییەی جیهان، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28-02-2026 گەیشتووەتە لووتکە، کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر بازرگانی جیهانی، لەوانە:
کەمبوونەوەی جووڵە: ئێران توانیویەتی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە 138 کەشتییەوە کەم بکاتەوە بۆ تەنیا 15 کەشتی لە ماوەی دوو ڕۆژدا.
هەڕەشەکانی ئەمریکا: سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی گەرووەکە، بەڵام تاران هێشتا وەک فشارێکی سەرەکی بەکاری دەهێنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی زولفەقاری، پلانەکانی تاران تەنیا بۆ کاتی شەڕ نین؛ تاران بە نیازە تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی توندی گەرووی هورمز جێبەجێ بکات، ئەمە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هاوکێشەی وزە و گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا.