پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، هۆشداریی لە تەقینەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و ڕایگەیاند، جەنگی داهاتوو لەگەڵ ئێران زۆر مەترسیدارتر دەبێت لەو وێرانکارییەی لە ساڵی 2003 لە عێراقدا ڕوویدا.
ئامادەکاریی 40 ساڵەی ئێران
سانچێز ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنها لەم دواییانەدا نەکەوتووەتە خۆی، بەڵکو ماوەی 40 ساڵە بەردەوام خەریکی ئامادەکارییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی گەورە لە ناوچەکەدا و ڕەخنەی توندی لەو وڵاتانە گرت کە لە ئاست ئەم مەترسییانەدا بێدەنگن و وتی: بێدەنگبوون لە بەرامبەر جەنگێکی ناڕەوادا نیشانەی وریایی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ترسنۆکی.
موجتەبا خامنەیی و پرسی ئەتۆمی
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی موجتەبا خامنەیی و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو ڕێچکەی باوکی عەلی خامنەیی، گرتووەتە بەر و بە هەمان نەفەس کار بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی دەکات، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی جیهانی وەسف کرد.
وێرانکارییەکانی لوبنان و غەززە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سانچێز باسی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد لە لوبنان. نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئیسرائیل دەیەوێت هەمان ئەو سیناریۆی وێرانکارییەی لە کەرتی غەززە ئەنجامی دا، لە لوبنانیش دووبارەی بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی کارەساتە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا.