سکرتێری گشتیی ناتۆ پشتیوانیی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ ڕادەگەیەنێت

ئاژانسەکان لێدوانەکانی ئەم دواییەی مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی هەنگاوە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و نیگەرانی لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپادا دروست کردووە. ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە کیشوەرە پیرەکە بەهۆی ئەو جەنگەوە لەناو قەیرانێکی خنکێنەری وزەدا دەتلێتەوە.

سکرتێری گشتیی ناتۆ بە ئاشکرا داکۆکی لە داواکارییەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ گەرووی هورمز و ڕایگەیاند: پێشبینی دەکەم لە کۆتاییدا وڵاتانی ئەوروپا وەڵامی ئەرێنییان هەبێت. ڕووتە ئاماژەی بەوەش کرد مەبەستی ترەمپ لەم کارانە سەلامەتیی جیهانە، بە ئاسایشی دەبینێت کە ئەوروپا چەند هەفتەیەکی پێویست بێت بۆ بڕیاردان.

ئەم هەڵوێستەی ناتۆ لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، وڵاتانی ئەوروپای بە پڵنگی کاغەزی و ترسنۆک وەسف کردووە. لە بەرامبەردا یەکێتیی ئەوروپا بە فەرمی داواکەی واشنتۆنی ڕەتکردەوە. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە بە ڕاشکاوی وتی: ئەمە جەنگی ئێمە نییە.

کاردانەوەی وڵاتە کاریگەرەکان بەم شێوەیە بوو:

ئەڵمانیا: فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی وڵات، جەنگەکەی بە هەڵەیەکی کارەساتاوی و بێ پاساو ناوبرد.

فەرەنسا: فابیان ماندۆن، سوپاسالاری وڵاتەکە، ڕەخنەی توندی لە تاکڕەویی ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند، واشنتن تەنانەت لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانیشدا پرس بە هاوپەیمانەکانی ناکات.

سەرەڕای ڕەتکردنەوە فەرمییەکان، لە پشت پەردەی کۆبوونەوە ناوخۆییەکاندا، هەندێک لە بەرپرسانی ئەوروپا دان بە ڕاستییەکی تاڵدا دەنێن. ئەوان پێیان وایە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز و کاریگەرییە ئابوورییەکان ڕاستەوخۆ بەرۆکی ئەوروپا دەگرن، بۆیە ناتوانن بۆ هەمیشە لەم قەیرانە دوور بکەونەوە.

هەندێک لە وڵاتانی وەک فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە تەنها دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە ئامادەبن کەشتی بنێرن بۆ گەرووی هورمز، ئەوەش تەنها بە مەبەستی پاراستنی ڕێڕەوی نێودەوڵەتیی نەوت کە یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، نەک وەک بەشێک لە بەرەی جەنگ.

ھەواڵی زیاتر