ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٦ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ) بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
لەکۆبوونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چارەسەری ئەو گرفتانەی لە بانکەکان دروست بوون.
بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر و سوودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە یاخود کارتی بانکییان تەواو بووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕێكاری پێویست لە گەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە لە مانگەکانی ڕابردوو کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و کەمی ئامێریان ( ATM هەیە و هۆشداری توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە.
هاوکات پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانی عێراقی ( TBI ) یەکێکی تر بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو بانکە چەندین کێشەی هەبووە لەوانە کێشەی تەکنیکی بەردەوام و دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان و نەبوونی سەنتەری پەیوەندیکردن و کەمی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەنتەری پارێزگاکان و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو لە ئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانکی دڵخوازی دووەمی خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ بانکی ناوبراو دەکرێت ، هەر بانکێکیش توشی سزا و سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە لە پڕۆژەکە دور دەخرێتەوە، ئەم هەنگاوانەش هەر بانکێک دەگرێتەوە کە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان و نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە مووچەخۆران بکات.
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پڕۆژەی هەژماری من ، کە لەکۆی ٤٥٥ هەزار سوودمەند تا ئێستا ٤٣٨ هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و زیاتر لە ٣٥٤ هەزار کەسیشیان لە پڕۆژەکە تۆمار کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن.
هەروەک ئاماژە بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران کرا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم جوتیاران ببنە خاوەن هەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە وەربگرن.