بڕیارە ئەمڕۆ یەکێتی و نەوەی نوێ کۆببنەوە


بڕیارە شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی سەردانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بکات، گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک بکەن.

دوای ساڵانێک لە ململانێی توند، یەکێتی و نەوەی نوێ لەسەر خاڵێکی هاوبەش کۆدەبنەوە، ئەویش کۆبوونەوەیەک لەبارەی دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم و کاراکردنەوەی پەرلەمان.

ئەمە یەکەمین دیداری فەرمیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحیدە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دوای ئازادبوونی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای پێنج مانگ دەستگیرکردنی لە سلێمانی.

شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای کرد بەرەیەک بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە و ڕاستکردنەوەی هاوسەنگیی هێز پێکبهێنرێت، دوای چەند خولەکێک بافڵ تاڵەبانی، وەڵامی دایەوە و وتی: “یەکێتیش ئەوەی دەوێت، ئەگەر بە جدیتانە، ئێمەش بە جدیمانە.”

ھەواڵی زیاتر