مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق پرۆسەی چەکداماڵین لە دەستی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە پێشهاتێکی ئەرێنی دەبینێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە گشتگیر بێت.
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نەهێشتنی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەردەوامە، لایەنە عێراقییەکان هەمان داواکاریی ئەمریکایان هەیە و دەیانەوێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت، بەشێکی گرووپە چەکدارەکانیش بەو بڕیارە ڕازی بوون.
مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، نەهێشتنی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکانیی عێراق، پێشهاتێکی ئەرێنییە و پێشوازی لێ دەکرێت”.
وتیشی: کارەکە تەنیا بە لێدوانی سادە ناکرێت، بەڵکوو چەکداماڵین دەبێت هەمەلایەنە بێت و لە چوارچێوەی پلانێکی نیشتمانی بێت و تەواوی گرووپە چەکدارەکان لەخۆبگرێت.
-بەگوێرەی دەستووری عێراق، هیچ لایەن و ڕێکخراو و تاکێکی سیاسی مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی پێکهاتەی چەکداری لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نییە، پێویستە بە شێوەیەکی یەکسان ئەم بنەمایە هەموو بەشەکانی عێراقدا جێبەجێ بکرێت.
– ئێستا عێراق لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدایە، دوو بژاردەشی لە پێشە یان ئەوەتا دەتوانێت لەسەر ڕێگای سەروەری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و یەکڕیزی و سەروەری یاسا بەرەو پێشەوە بچێت، یاخوود دەتوانێت لە بازنەی پارچەپارچەبوون و نائارامی بمێنێتەوە.