تەرمی ئافرەتێک بە خنکاوی دۆزراییەوە

بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک لەنێو ئاوی زێی گەورە لە سنووری گوندێکی ناحیەی کەلەک لە دهۆک دۆزرایەوە کە بەگوتەی پۆلیس، خنکێندراوە و فڕێدراوەتە نێو رووبارەکە.

تەرمی ژنەکە کاژێر 11:00ی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سنووری گوندی زەنگل دۆزراوەتەوە.

دلاوەر بوزە، قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی، پۆلیسی کەلەک بە هاوکاریی بەرگریی شارستانیی قەزای خەبات تەرمی ژنەکەیان لە رووبارەکە دەرهێناوەتەوە.

بەپێی بەڵگەکانی پۆلیس، ژنەکە بەر لەوەی فڕێبدرێتە نێو رووبارەکە، تەلی ئاسن لە ملی ئاڵێندراوە و خنکێندراوە.

بەپێی زانیارییەکان، تەرمی ژنەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەنێو ئاوەکەدا ماوەتەوە و دەموچاوی تێکچووە. تائێستا تەمەنی دیاری نەکراوە و تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی هەولێر گواستراوەتەوە.

لە لایەن پۆلیسی کەلەکەوە دۆسییە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

ھەواڵی زیاتر