لە ئەمریکا فڕۆکەیەک بە 10 سەرنشینەوە ون بوو

بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، فڕۆکەیەکی بچووکی بازرگانی بە 10 سەرنشینەوە لە ئاسمانی ئەلاسکا ون بووە.

رۆژی پێنجشەممە، 7ـی شوباتی 2025 پۆلیسی ویلایەتی ئەلاسکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، فڕۆکەیەک کە جگە لە فڕۆکەوانەکەی نۆ سەرنشینی تێدا بووە، لە نیشتنەوەی دواکەوتووە و نازاندرێت لەکوێیە. 

فڕۆکەکە رۆژی پێنجشەممە، کاژێر 4:00ـی ئێوارە [کاژێر 4:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر] لە فڕۆکەخانەی ئەنەلەکلیت گەشتەکەی دەستپێکردووە و بەرەو شاری نۆم لە هەمان ویلایەت فڕیوە. 

هەردوو شارەکە 235 کیلۆمەتر لەیەکدی دوورن و دەبووایە فڕۆکەکە لە ماوەی 45 خولەک تاوەکو کاژێرێک بگەیشتبایە شوێنی مەبەست.

پۆلیسی ویلایەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، فڕۆکەکە دوای 38 خولەکیش لە فڕینی پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی چاودێری فڕۆکەخانەکە هەبووە، بەڵام دواتر پەیوەندییەکەی پچڕاوە. 

بەرپرسانی ئەلاسکا رایدەگەیێنن، گەڕان بەدوای فڕۆکەکە بەردەوامە و تیمێکی تایبەتیان بۆ گەڕان بەنێو ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو شارەکە راسپاردووە. 

ونبوونی فڕۆکەکە دوایین کارەساتی فڕۆکەوانییە کە لەم دواییانە لە ئەمریکا روویاندابێت. 

رۆژی 30-1-2025، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی خۆی بە فرۆکەیەکی مەدەنیدا کێشا و  هەردووکیان کەوتوونەتە نێو رووباری پەتۆمەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێوخۆیی رۆناڵد رەیگن کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە واشنتنی پایتەختەوە دوورە. بەهۆیەوە 67 کەس گیانیان لەدەست دا.

ھەواڵی زیاتر