فێستیڤاڵێک لە هەولێر بە جلوبەرگی کولتووریی کوردی ناوی چووە نێو کتێبی گینیس

ڕێکخراوی “کوردستان فاوندەیشن” توانی زیاتر لە هەزار کەس بە جلی ڕەسەنی کوردییەوە کۆبکاتەوە و بەوەش کوردستان بە فەرمی ناوی چووە ناو کتێبی ژمارە پێوانەییەکانی گینیس بۆ گەورەترین کۆبوونەوەی مرۆڤایەتی بە جلی نیشتمانییەوە.

ساکار عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کوردستان فاوندەیشن: بۆ یەکەم جارە فێستیڤاڵێک بۆ تۆمارکردنی ڕیکۆردی کۆبوونەوەی مرۆڤایەتی بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە لە کوردستان ئەنجام دەدرێت. ڕیکۆردی کۆکردنەوەی زۆرترین کەس بە جلی کوردی بە 250 کەس تۆمار دەکرا، لە فێستیڤاڵەکەمان توانیمان زیاتر لە ژمارەیە کۆبکەینەوە.

بەمەش شاری هەولێر، بووە شانۆی ڕووداوێکی نەتەوەیی ناوازە. چالاکییەکان لە گۆڕەپانی دەرەوەی ناوەندی گەنجان دەستیان پێکرد، کە تێیدا هەزاران گەنج لە سەرانسەری کوردستانەوە بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و ڕەسەنی ناوچە جیاوازەکانەوە ئامادە بوون.

بە فەرمی شکاندنی ڕیکۆردی پێشوو و تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ بە ناوی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، کە بووە هۆی جۆش و خرۆشێکی گەورە لە ناو ئامادەبوواندا.

ڕێکخراوی کوردستان فاوندەیشن ڕایگەیاند کە ئەم سەرکەوتنە تەنیا شکاندنی ڕیکۆردێک نییە، بەڵکو پەیامێکی بەهێز بوو بۆ پاراستنی میراتی نەتەوەیی و نیشاندانی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی بە جیهان. ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە، کە ئیلهامبەخشین بوو بە نەوەی نوێ بۆ شانازیکردن بە شوناسی خۆیانەوە، بە تەواوی بەدی هات.

ھەواڵی زیاتر