وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی زۆر ئەرێنی بەڕێوەچووە و هیوادارە ڕۆژی یەکشەممە تەمویلی مووچە بکرێت.
لە دوێنێ پێنجشەممەوە شاندێکی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە بەغدان و ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و سبەی لە باڵەخانەی وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکە باسی خشتەی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانمان کردووە، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی زۆر ئەرێنی بووە، هەردوولا وەک یەک تیم کاریان کردووە، هیوادارین سبەی تەواو بێت و بۆ یەکشەممە مووچە تەمویل بکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە لە خشتەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە دەنگ لەسەر هەمواری ماددەی 12 بڕگەی (ج) لە یاسای بوودجە بدرێت، بەمەش کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و بنەمایەکی نوێ دەبێت بۆ ناردنی مووچە و بودجە.