ئەمڕۆ وەزارەتەکانی دارایی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ وەزارەتەکانی دارایی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی مووچەی ئەمساڵ کۆدەبنەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ،  هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق، هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم کۆببنەوە.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەکە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئامادەبن. تێیدا گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکانی پەیوەست بە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم و ئاستەنگەکان بکەن.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە بوو لە پەرلەماندا. 

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند “لە کۆبوونەوەکەدا لێکگەشتنێکی گشتیی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە، بە تایبەت ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.”

ھەواڵی زیاتر