حکومەتی هەرێم مامەڵەی شەهید بۆ شەهیدانی کەرکوک دەکات

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە فەرمانکرا لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی رووداوەکانی دوێنێی کەرکووک بکرێت.

دوای ئەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکان رێگەی سەرەکی هەولێر داخرا و ئاستەنگ بۆ هاووڵاتیانی کەرکووک دروستکرا و سوکایەتی بە ئاڵا و هێماکانی هەرێمی کوردستان کرا، دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی کەرکووک لەرێگەی خۆپیشاندانی هێمنانەوە داوای کردنەوەی رێگەی هەولێر – کەرکووک و پاراستنی شکۆی کوردستانیان کرد و  لەئەنجامدا ھێزە ئەمنییەكاندا ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشاندانه‌كان كرد چوار كه‌س شەھید بوون و 14 كه‌سیش برینداربوون.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

لەسەر راسپاردەی بەڕێز سەرۆک بارزانی، لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، فەرمان کرا کە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی ڕووداوەکانی دوێنێی کەرکووک بکرێت و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت.

پێشەوا هەورامانی

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ھەواڵی زیاتر