ئەمڕۆ چوارشەممە 6/7، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیری ناوخۆ، باسیان لە بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی ڕێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان لە بەر ڕۆشنایی یاسای ڕێگە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و ناوخۆی دا کە بەردەوام بن لە ڕێکارە هاوبەشەکانیان و پێویستە سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکانیش لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزا و ناحییەکانیان، چالاکانەتر کاربکەن بۆ لابردنی هەر زیادەڕۆییەک لەسەر ڕێگاوبانە گشتیەکان و بەرگرتن لە هەر هەوڵێکی زیادەڕۆیی و ڕووبەڕوکردنەوەی سەرپێچیکاران لە بەرامبەر یاسا و وەرگرتنی ڕێکاریی قەزايی بەرامبەریان.