دەقی راگەیەندراو
وەزیری دارایی لەگەڵ شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر کۆبۆوە
ڕۆژی دوو شەممە ٢٠٢٣/٣/٦ ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە وەفدێکی باڵای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر بە وەکالەت و دێڤد کودێل بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری و جوشوا لویس کارمەندی سیاسی و ڤەهێل ئامێدی پسپۆڕی ئابووری و ووزە لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر دواین دەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداو ڕایگەیاند لەچوارچێوەی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغداد ئەوپەڕی نەرمیمان نواندووەو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتوینەتە ڕێکەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوو لاوە تەواو بووە، بەئاگاداری و چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئومێدەوارین بەزوترین کات بگاتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەند کردنی.
لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی کرد لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم و ڕایگەیاند ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتدا قۆناغی باشی بڕیوەو ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە هەموو کارئاسانیەکمان بۆ ئەو پرۆسەیە کردووەو بەردەوامیش دەبین.
لای خۆشیەوە زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بە وەکالەت ستایسی ڕۆڵی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەوپێشچونی هەنگاوەکانیان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سەر بودجەو دۆسیەی نەوت و غاز، هاوکات دەستخۆشی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کرد بۆ یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر کەمی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەو ڕوەشەوە وەزیری دارایی ئەو هەنگاوانەی بۆ وەفدی میوان ڕوون کردەوە کە بەمەبەستی ڕێکخستنەوەو زیادکردنی داهاتی پارێزگاکە گرتویانەتە بەر.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا وەزیری دارایی ستایشی ڕۆڵی ئەمریکای کرد لە پای هەوڵەکانیان بۆ لێکنزیکبونەوەی هەرێم و بەغدادو داواشی کرد ڕۆڵی زیاتر ببینن لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان.