پرۆژەی شەقامی حاجی قادر لە كۆیە جێبەجێ دەكرێت
ئەمڕۆ یەكشەممە 26/2/2023، لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە تاریق حەیدەری، قائیمقامی قەزای كۆیە كرد. لە كۆبوونەوەكەدا كە هەر یەكە لە سەركەوت تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەكان لە وەزارەت و محەمەد میرحاج، سەرۆكی شارەوانیی كۆیە ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی خزمەتگوزاری و پرۆژەكانی شاری كۆیە كرا.
لە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ سەبارەت بە جێبەجێكردنی دەرخستەی پرۆژەی شەقامی حاجی قادر لە كۆیە كرا كە لە پلانی ساڵی 2022ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا جێگیر كراوە. لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەسەر جێبەجێكردنی دەرخستەی تەندەری پرۆژەی دروستكردنی شەقامی حاجی قادر لە كۆیە كرا و بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری پێەیست لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە وەرگیرا بە مەبتسی جێبەجێكردنی ڕاگەیاندنی دەرخستەكە بەپێی رێكارە یاساییەكان تاكوو لە ئایندەیەكی نزیكدا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.
ئەم پرۆژەیە لە چەند بڕگەیەك پێكهاتووە، وەك بە دووسایدكردنی شەقامی حاجی قادر لە كۆیە و گەڕانەوەی پەیكەری حاجی قادر بۆ شوێنی پێشووی خۆی، هەروەها سەوزكردنی قشڵەی كۆیە و نۆژەنكردنەوەی شەقامی هەناری و بەدووسایكردنی بەشێكی ڕێگەی كۆیە و لەگەڵ چەند بڕگەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، پاڵپشتیی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری لە هەموو ڕووێكەوە بۆ پەرەپێدانی پرۆژە و بووژانەوەی شاری كۆیە دووپات كردەوە و ئاماژەی بەوەش كرد بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە و بڕگەكانی، لە ڕووی خزمەتگوزاریییەوە شاری كۆیە پێشكەوتنێكی باش بەخۆیەوە دەبینێت و پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە.