شەپۆلی بەفر و باران بەردەوام دەبێت

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند، “لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست سبەی دووشەممە 6/2/2023، ئاسمانی ھەرێمى كوردستان بە درێژایی کاتەکان ھەوری تەواو دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر بەفر و بارانبارینی بەردەوام دەبێت، لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمى كوردستان تەنیا ئاسمان ھەوراوی دەبێت، پلەکانی گەرما سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ، دوو تا سێ پلە بەرز دەبێتەوە، خێرایی با لە زۆربەی کاتەکاندا نیمچەبەھێز چالاک دەبێت بە خێرایی 20 تا 45 کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکدا لە ئاراستەی باشووری ڕۆژھەڵاتەوە.”

ڕاشیگەیاند، ھەر بەھۆی چالاکیی باوە لە کاتەکانی سبەی ئێوارەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانمان دەگرێتەوە، بە تایبەت چڕیی خۆڵبارینەکە لە کاتەکانی شەودا لەسەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک و سەنتەری پارێزگای ھەولێر زیاتر دەبێت و نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 7/2/2023 کۆتایی پێ دێت.”

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی باران، سبەی کاتەکانی شەو بارانی پچڕپچڕ و ڕێژە مامناوەند لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ھەولێر، ھەڵەبجە، کەرکووک، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین دەست پێدەکاتەوە و لەگەڵ بەردەوامیی بارانبارین لە ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری دھۆک و ھەولێر ڕێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت، ھەندێک کات لێزمەباران و ھەورەبرووسکە چالاک دەبێت.

ھەواڵی زیاتر