پارێزەری لاهور شێخ جەنگی لەبارەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیاندووە “بڕیارەکەی کۆمیسیۆن لە شوێنی خۆی نەبو، بۆیە ئەمڕۆ لە دادگای پێداچونەوە لە بەغداد تانەمان لێدا کە بەپێی یاسا دەتوانرێت لەماوەی سێ رۆژدا تانەی لێبدرێت و دەبێت دادگاکە لەماوەی 10 رۆژدا پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.”
ئەو پارێزەرەی لاهور شێخ جەنگی وتی”ئێمە لە تانەکەماندا بڕیارەکەی دادگای هەولێرو کۆمەڵێک بەڵگەنامەو دۆکیۆمێنتمان هاوپێچ کردوەو تێیدا بڕیارەکەی کۆمیسیۆن بە نادروست دەزانین، چونکە دادگای هەولێر بڕیارێکی دیکەی لەبارەی ئەو کەیسەوە داوە و دانی بە کاک لاهور وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناوەو هەمو رێوشوێنەکانی دواتری بە نایاسایی زانیوە کە کراون.”
پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی خستەڕو “بڕیارەکەی دادگای هەولێر کارپێکراوەو بەپێی ئەو بڕیارە ئێستا کاک لاهور دەتوانێت سەرجەم دەسەڵاتەکانی پەیڕەو بکات و هەمو نوسراوەکانی فەرمی دەبن و لەنێوخۆی یەکێتی و لەسەرجەم دامەزراوەکانی عێراق.”
سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی وتیشی، “لەبەرئەوەی بڕیاری دادگای هەولێر لەبارەی کەیسەکەی کاک لاهورەوە هێزی یاسایی زیاترە تاوەکو بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، بۆیە ئێمە گەشبینین لەوەی لەماوەی 10 رۆژدا دادگای پێداچونەوە لە بەغدا لە بەرژەوەندیی کاک لاهور بڕیار لەبارەی دۆسیەکەوە بدات.”