دەستەی وەبەرهێنانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلا کۆمپانیاکانی خانووبەرە پێویستە بە دینار مامەڵە لەگەڵ کڕیارانیاندا بکەن.
دەستەکە لە گشتاندنێکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی لە بواری خانووبەرەدا کردووە رایگەیاندووە بۆ هەر ١٠٠ دۆلار پێویستە ١٤٧ هەزار و ١٠٠ دینار لە کڕیارەکانیان وەربگیرێت بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە کە جەختی لەوەکردووەتەوە پێویستە مامەڵەکان بە دینار بن نەوەک بە دۆلار.
دەستەکە جەختی لەوەکردووەتەوە هەر کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان پابەندی بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووی لێپێچینەوە یاسایی دەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٧٢ هەزار دیناری تێپەڕاندووە بەوەش فشارێکی گەورە لەسەر ئەو هاووڵاتیانە دروستبووە کە یەکەی نیشتەجێبوونیان لە کۆمپانیاکان کڕیوە.
بەم بڕیارەی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن بە نرخی بانکی ناوەندی پشکی مانگانە لە کڕیارەکانیان وەربگرن نەوەک بە نرخی بازاڕەکانی دراو.