سێ ئەمیری داعش لە چەمچەماڵ و بازیان دەستگیرکران

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، حەوت تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داواکراو بوون، دواتر دەرکەوتووە “سیانیان لەنێو رێکخراوی داعش پلەی ئەمیریان هەبووە.”

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-01-2023 رایگەیاند، شەوی 23/24-01-2023 دوای بڕیاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، بە هاوکاریی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە چەند هەڵمەتێکدا “حەوت داواکراوی لە یاسا هەڵهاتوو بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر دەستگیرکران.”

ئەو حەوت داواکراوە، بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرجەمیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە داواکراو بوون و بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر دەستگیرکراون، کە “سەرجەمیان خەڵکی  پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواری عێراقن و بە مەبەستی خۆحەشاردان بەناوی کارکردنەوە هاتبوونە سنووری چەمچەماڵ و بازیان.”

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت سێ لە دەستگیرکراوەکان “پلەی ئەمیریان هەبووە لەناو داعشدا و سەرجەمیشیان راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری کران.”

دەستگیرکراوان پێکهاتوون لە: (ھ. م. ح)، (أ. م. ح)، (ج. م. ح)، (ق. س. م)، (م. ٳ. ی)، (ب. ٲ. ٲ) و (ع. ع. ٲ)

ھەواڵی زیاتر